په‌یامێكی نهێنی مه‌سعود بارزانی بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاشكرا ده‌كرێت

تشرين1/أكتوير 05, 2018

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی په‌یامێكی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی له‌ باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، هاوكات ره‌خنه‌ش له‌ قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی ده‌گرێت له‌ باره‌ی كۆتاییهاتنی سیسته‌می په‌نجا به‌ په‌نجا و ده‌ڵێت، "پارتی هه‌رگیز به‌پێی كورسی حكومه‌تی نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو به‌قه‌ده‌ر 100 كورسی حوكمی كردووه‌". جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی چیتر ناچێته‌ ژێر باری خۆسه‌پاندنی پارتی و هۆشداریش ده‌داته‌ ئه‌و حزبه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر جارێكی تر هاوشێوه‌ی ریفراندۆم، بڕیارێكی تری تاكلایه‌نه‌ بدات، نه‌ك هه‌ر هاووڵاتیان به‌ڵكوو خۆیشی زیانی به‌رده‌كه‌وێت.
قادر عه‌زیز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ میانی به‌رنامه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی نه‌وا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ له‌ پرسی  چۆنێتی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كڕیزییان تێكداوه‌ و پشتیان له‌ رێككه‌وتنی نێوانیان كردووه‌، ئاشكرای كرد، كه‌ رۆژێك به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌  كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌دا له‌ ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كه‌ حه‌وت ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی تێیدا به‌شداربوون، جێگری سكرتێری گشتی پێی راگه‌یاندوون، كه‌ "دوو بابه‌تی نوێ له‌ ئارادایه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی مامۆستا به‌شیری به‌بێ ئاگاداری ئێمه‌ كاندید كردووه‌ بۆ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق".
وه‌ك قادر عه‌زیز باسی لێكرد، خاڵی دووه‌م كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێی راگه‌یاندوون، په‌یامێكی مه‌سعود بارزانی بووه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆك كۆمار نابن و ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ با ئه‌ویش كاندیدی خۆی بنێرێت، ئێمه‌ش كاندید ده‌نێرین.
له‌و رووه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتی، "پارتی ئه‌و داوایه‌ی له‌ ئێمه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ر دووكیان كاندیدیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ پارتی بووه‌ كه‌ رێككه‌وتنی نێوانیانی پێشێلكردووه‌ ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ده‌ستنیشانكردنی مامۆستا به‌شیر بۆ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ بێ ئاگاداری یه‌كێتی".
رۆژی پێنج شه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: "له‌ رابردوودا به‌ 50 به‌ 50 مامه‌ڵیان له‌ گه‌ڵ یه‌كێتیدا كردووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كانیان كه‌متر بووه‌، به‌ڵام بۆ له‌مه‌ودوا پارتی مامه‌ڵه‌یه‌كی نوێی له‌گه‌ڵ ده‌كات".
له‌و باره‌وه‌ قادر عه‌زیز وتی: "كاك نێچیر نه‌ده‌بوو به‌ ناوی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌م قسانه‌ بكات، ده‌بێت سه‌رۆكی حكومه‌ت بزانێت كه‌ حزبه‌كان بۆ ئه‌و هه‌موویان وه‌ك یه‌كن، ده‌كرا به‌ناوی جێگری سه‌رۆكی پارتی قسه‌ بكات، به‌راستیش ئه‌و قسانه‌ی كردی ناحه‌ق بوو، حه‌ز ئه‌كه‌م بزانن كه‌ پارتی تا ئێستا به‌ كورسی حكومڕانی نه‌كردووه‌، حكومڕانی پارتی تا ئێستا له‌ كوردستاندا 100 كورسی بووه‌، هیچ حزبێك له‌ كوردستان له‌و حكومه‌ته‌ی كاك نێچیر شه‌ریك نه‌بووه‌، (هیچ حزبێك) به‌شداری بڕیاری سیاسی و بڕیاری ئابوری نه‌بووه‌".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ به‌رقه‌راربوونی په‌نجا به‌ په‌نجایی له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌ حكومه‌ت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، كه‌ كوا په‌نجا به‌ په‌نجا، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت په‌نجا به‌ په‌نجایه‌؟.
قادر عه‌زیز جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ كاردانه‌وه‌كانی پارتی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار زیاده‌ڕه‌وی زۆری پێوه‌دیاره‌ و "یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌وان له‌ ململانێیه‌كی دیموكراسی نایبه‌نه‌وه‌ و ئه‌وان وا فێركرابوون كه‌ هه‌رچی داوابكه‌ن بۆیان بچێته‌سه‌ر و یه‌كێتی ملكه‌چی داواكانی ئه‌وان بێت، یه‌كێتیش بۆیه‌كه‌مجاره‌ به‌ پارتی بڵێ نه‌خێر، ئێمه‌ چیتر سازش ناكه‌ین و هه‌موو سازشه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كڕیزی بپارێزین، كاتێك ئێوه‌ یه‌كڕیزیتان پێشێلكرد، شتێك نامێنێت كه‌ ئێمه‌ خاتری بگرین و ره‌چاوی بكه‌ین".
ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی، هه‌ر له‌ ئێستاشدا پارتی به‌پێی 18  كورسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌كات و خۆیشی نه‌ك به‌قه‌ده‌ر 38 كورسی به‌ڵكوو هێنده‌ی به‌ركه‌وته‌ی 100 كورسی حكومڕانی ده‌كات و خۆی ئه‌مه‌ی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ و ئه‌مه‌ش ئێمه‌ ناترسێنێت، یه‌كێتی ئێستا هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌ و خۆی رێكخستوه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاران دروست ده‌بێته‌وه‌ و یه‌كڕیزی له‌ ناویدا هه‌یه‌ و یه‌كێتی  ناچێته‌ ژێر باری هیچ خۆسه‌پاندنێكی پارتی بۆ له‌مه‌ودوا.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی له‌ داهاتوودا چۆن و به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕۆن، وتی: "پێشتر رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌ نێوانمان هه‌بوو كه‌ شكستی هێنا، به‌ڵام بۆ ئێستا ده‌بێت رێككه‌وتنێكی نوێ له‌ سه‌ر دۆخی تازه‌ بێته‌ ئاراوه‌ و ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی پارتی له‌ جێی خۆی نییه‌، واقعیش نییه‌ و پارتی ئه‌گه‌ر پێداگری بكات خۆی تووشی غه‌ڵه‌ت ده‌كات، پارتی له‌ حكومڕانی و ئابوری سه‌ربه‌خۆ كه‌ هه‌موو به‌ بڕیاری ئه‌و بووه‌ شكستی هێناوه‌ و هه‌ڵه‌ی یه‌كێتیش ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بێده‌نگ بووه‌ و به‌شداری له‌ بڕیاره‌كانی پارتی كردووه‌ و ده‌بوایه‌ بێده‌نگ نه‌بێت و هه‌ڵوێستی هه‌بێت و وه‌ك چۆن له‌ ریفراندۆمدا كه‌ بڕیاری پارتی و بارزانی بووه‌ و به‌ تاكڕه‌وانه‌ بڕیاریان داوه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ هاووڵاتیان زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودواش بڕیاری تاكڕه‌وانه‌ بده‌ن زیانی زیاتر به‌ گه‌لی كوردستان و به‌ خۆشیان ده‌گه‌یه‌نن.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی بۆ به‌شداری له‌ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقیش وتی: "پێشتر پرۆژه‌یه‌كیان هه‌بووه‌ كه‌ دواتر كردویانه‌ به‌ پڕۆژه‌ی یه‌كێتی و پارتی و خواستی ئه‌وه‌شیان هه‌بووه‌ كه‌ ببێت به‌ پڕۆژه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و تا ئێستاش به‌و پڕۆژه‌وه‌ پابه‌ندن".