یەكێتی رەتیدەكاتەوە رێگری لەكۆسرەت رەسوڵ كرابێت بۆ چوونە هەولێر

تشرين1/أكتوير 10, 2018

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رەتیكردەوە، كە رێگری لەكۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی بۆ چوونە هەولێر كرابێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەروونكردنەوەیەك رایگەیاندووە، "لەكۆمەڵێك ماڵپەرو پەیچی سوشیالمیدیای  ئاراستەكراو، كە پیشەیان شێواندنی ڕاستییەكان‌و جەواشەكردنی خەڵكە، هەواڵێكی بێ بنەما و هەڵبەستراو بڵاو دەكەنەوە، كە گوایە دوێنێ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێگای پێنەدراوە بچێتە شاری هەولێر".

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندووە "سەرلەبەری ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە‌و دروستكراون‌و بە مەرامی تێكدانی ئارامی كوردستان‌و  دڵەراوكێی لای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بڵاودەكرێنەوەو دڵنیاین خەڵكی كوردستان بڕوا بەو جۆرە پروپاگەندانە ناكەن، كە سەرچاوەكانی بڵاوكردنەوەیان هیچ متمانەیەكیان نییە".

چەند رۆژێكە دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە، گوایە رێگری لەكۆسرەت رەسوڵ دەكرێت بچێتە ناو هەولێر، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژییانەی ماوەیەكە لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق لەنێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی دروست بووە.