پارتى له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى هه‌ڵوێستى ئاشكرا كرد

تشرين1/أكتوير 10, 2018

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ى له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكرا كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پارتى به‌بێ یه‌كێتیى حكومه‌ت پێكناهێنێت.

"ئاراس حه‌سۆ میرخان" ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ له‌ ژماره‌ى ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ى رۆژنامه‌ى "ئاژانس"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندووه‌، به‌بێ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم پێكناهێنن و یه‌كێتیى نزیكترین لایه‌نه‌ لێیانه‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "نامانه‌وێت حكومه‌تێك پێكبێنین هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و كێشه‌ و گیروگرفت ببات، ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكى وا پێكبێنین كه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و كۆتایى به‌ دوو ئیداره‌یى بێنین". 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى پارتى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "حكومه‌تى پێشوو بۆ رازیكردنى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بوو، جارێكى تر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ ناكه‌ینه‌وه‌".