وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ دوا زانیاری له‌باره‌ی‌ هاوتاكردنی‌ موچه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

تشرين1/أكتوير 10, 2018
وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ دوا زانیاری له‌باره‌ی‌ هاوتاكردنی‌ موچه‌وه‌ ئاشكراده‌كات
وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوا زانیاری له‌باره‌ی‌ هاوتاكردنی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ مه‌ده‌نی‌ هاوشێوه‌ی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ سه‌ربازی ئاشكراده‌كات، بریكاری‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، "هه‌ر كارمه‌ندێكیش داوای گواستنه‌وه‌ی‌ ڕاژه‌كه‌ی‌ بۆ بواری‌ سه‌ربازی بكات داواكه‌ی‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌".

 

 

لیوای یاسایی جه‌لال كه‌ریم عیسا بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی حكومه‌تی‌ هه‌رێم  ڕاگه‌یاند، "ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی ناوخۆ كه‌ پێشتر وه‌ك كارمه‌ندانی‌ مه‌ده‌نی‌ دامه‌زراون، جیاوازی موچه‌و ده‌رماڵه‌یان هه‌یه‌ به‌راورد به‌كارمه‌ندانی‌ بواری‌ سه‌ربازیی".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش ماوه‌ی‌ چوارساڵ زیاتره‌ ئه‌وان داوایانكردوه‌ موچه‌ی‌ ته‌واوی هێزه‌كانی‌ ناوخۆ هاوتابكرێت و كارمه‌ندانی مه‌ده‌نیش هه‌مان ئیمتیازاتی‌ سه‌ربازیان هه‌بێت، به‌ڵام تائێستا داواكه‌یان جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

وتیشی‌:"بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ گرفتی‌ موچه‌و ده‌رماڵه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ مه‌ده‌نی‌ و هاوتاكردنی‌ له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی‌ بواری‌ سه‌ربازی، پێویستی‌ به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای ناوخۆ هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ش یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ پێویستی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌یه‌".

بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، "هه‌رچه‌نده‌ پێشتر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بوو، به‌ڵام ئێستا خراوه‌ته‌  ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و تائێستاش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی‌ ئێمه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هاوتاكردنی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ مه‌ده‌نی‌ و هاوشێوه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ بواری‌ سه‌ربازی".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"ئه‌گه‌ر هه‌ر كارمه‌ندێكی‌ ناوخۆ داواكاری پێشكه‌شبكات بۆئه‌وه‌ی‌ ڕاژه‌كه‌ی‌ له‌مه‌ده‌نیه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ربازی ده‌توانێت ئه‌و داوایه‌ بكات، به‌ڵام ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی‌ ڕاژه‌یان بۆ ناكرێت، به‌وپێیه‌ی‌ پێویستی‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌یه‌و ئه‌وانیش له‌م قۆناغه‌دا ڕه‌زامه‌ندی ده‌رنابڕن".