پارتى داوای وەزارەتی نەوت لە هادی عامری دەکات

تشرين1/أكتوير 10, 2018

له ‌سه‌ردانى هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى فه‌تح بۆ لاى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستاندا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پارتى بۆ به‌غدا ئه‌و حزبه‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى له‌ حكومه‌ته‌ نوێكه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى پێ بدرێت و ئه‌وه‌ش ناكۆكى ده‌خاته‌ نێوان بارزانی و نورى مالیكى سه‌رۆكى لیستى ده‌وڵه‌تى قانوونه‌وه،‌ كه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ نابێت ئه‌و پۆسته‌ بدرێت به‌ پارتى.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌نێو هێزه‌ شیعه‌كان كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌ به‌ ״ئاژانس״ى راگەیاندوە: ״له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ لاى بارزانی له‌ هه‌ولێر كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجامی داوه‌ هادى عامرى ئه‌وه‌ى بۆ ڕوون كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆچى پاڵێوراوى پارتى بۆ پۆستى سه‌رۆکكۆمار نه‌یتوانیوه‌ له ‌هه‌ڵبژاردنى نێو په‌رله‌ماندا سه‌ر بكه‌وێت״.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى: ״عامرى داواى له‌ بارزانی كردووه‌ كه‌ پارتى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و ناوبراویش مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى له‌ حكومه‌تى نوێدا پێ بدرێت له ‌برى وه‌زاره‌تى دارایی كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌میان، به‌ڵام له‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ به‌غدا و تاوتوێكركردنى ئه‌و پرسه‌، نورى مالیكى قایل نه‌بووه‌ ئه‌و پۆسته‌ بدرێت به‌ پارتى كه‌ پێى وا بووه‌ هه‌نگاوێكى مه‌ترسیداره‌ كه‌ داهاتى عێراق بخرێته‌ ژێر ده‌ستى ئه‌و حزبه‌״.

محەمەد سیتۆ ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دان بەوەدا دەنێت کە داوای وەزارەتی نەوتیان کردووە و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״٢٥ کورسیمان هەیە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین وەزارەتەکانی نەوت و تەندروستی و دامەزراوەی شەهیدان وەربگرین״.