ئێران رێڕەوى ڕووبارى سیروان دەگۆڕێت

تشرين1/أكتوير 11, 2018

حکومەتى ئێران بەردەوامە لە ئامادەکاریەکانى بۆ وشککردنى سەرچاوە ئاویـیەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەپێى وتەى بەرپرسانى سەرچاوە ئاویـیەکانى هەرێمیش، زۆربەى ئەو پرۆژانەى ئێران لەسەر سەرچاوە ئاویـیەکان دروستیکردون، تەواوبوون.

رۆژى چوارشەمە، میدیاکانى ئێران بڵاویانکردەوە، عەلى خامەنەیى ڕابەرى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى ئێران ، فەرمانى کردووە بە گرتنەوەى ئەو ئاوانەى کە دەرژێنە نێو خاکى عێراقەوە.

رەحمان خانى بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێران زۆربەى پرۆژەکانى کە لەسەر سەرچاوە ئاویەکانى عێراق و هەرێم دروستیکردوون، تەواوبوون."

پێشتر عەبدولستار مەجید وەزیرى دەست لە کارکێشاوەى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەى بەوە کردبوو لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ بەرپرسانى ئێراندا کردووە، بەڵام پرۆژەکانیان نەوەستاندووە.

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ناوى ئەو بەنداوانەى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا کرد، کە ئێران لەسەر سەرچاوەى ڕووبارى سیروان دروستیکردوون و ژمارەیان 12 بەنداوە، وتى"بەنداوى پڵنگان، بەنداوى ئازاد، گاوشاد، ئەنگاران، قشڵاخ، ژاوە، داریان، سڵێمان پاشا وهیروى، ئەو بەنداوانەن ئێران دروستیکردوون."

بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان، ئێران ئێستا سەرقاڵى دروستکردنى تونێلێکى گەورەیە و بەتەواوکردنى ئەو تونێلە رێڕەوى ڕووبارى سیروان دەگۆڕێت، وتى"رێڕەوى ئاوى سیروان دەگۆڕێت بۆ ناوچەى زەهاو."

سەبارەت بە زیانەکانى گۆڕینى رێڕەوى ڕووبارى سیروان، رەحمان خانى وتى"ناوچەى گەرمیان کەمتر زەرەرمەند دەبێت، بەڵام پارێزگارى دیالە زەرەرمەندى سەرەکى دەبێت و جگە لە بێ ئاو بوونى، بە هەزاران دۆنم زەوى کشتوکاڵى زیانیان پێدەگات."

بەپێى یاسا نێودەوڵەتیەکان، ئەو ڕووبارانەى کە سەرچاوەکانیان لە نێوان وڵاتاندا هاوبەشە، هیچ وڵاتێک مافى وشککردنى سەرچاوەکەى و بە تەنیا بەکارهێنانى نیە، بەڵام وڵاتى ئێران تائێستا پابەند نەبووە بەو یاسایانەوە.