یەكێتی بۆ پارتى... "پشك و قورساییمان لەكابینەی نۆیەم زۆرتر دەبێت"

تشرين1/أكتوير 11, 2018
یەكێتی قەبارەی خۆی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم ئاشكرا دەكات
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لەسەر لێدوانی بەرپرسانی باڵای پارتی لەبارەی پێكهاتەی حكومەتی نوێی هەرێم، دێتەدەنگ و بەرپرسێكی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت، "پشك و قورساییمان لەكابینەی نۆیەم زۆرتر دەبێت".

 

 

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی،  راگەیاند، هەرچەندە لەسەر ئاستی باڵای پارتی قسە لەسەر شێوازی حكومەتی داهاتووی هەرێم و مامەڵەكردن لەگەڵ یەكێتی دەكرێت، بەڵام تائێستا ئەو قسانە هەڵوێست و بڕیاری رەسمی ئەو حزبە نییە.
 
لەبارەی ئەوەی كە پارتی ئاماژەی بۆ دەكات كە گوایە لەپێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكرێت، لەتیف نێرەوەیی وتی:"لەكابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمیش هەر بەپێی ژمارەی كورسییەكان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی كراوەو هیچ كام لە سێ سەرۆكایەتییەكەی (هەرێم، حكومەت، پەرلەمان)ی بەدەستەوە نەبوو، لەپۆستی وەزارەتەكانیش هیچ وەزارەتێكی سیادی بە یەكێتی نەدراو لەڕێگەی رێكەوتنێكی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی تر، سزای یەكێتی درا".
 
بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی، بەهەر پێوەرێك بێت، ئێستا یەكێتی هێزی دووەمە لەهەرێمی كوردستان و بەراورد بە كابینەی داهاتوو، پشكمان لەكابینەی نۆیەم زیاتر دەبێت و دەستكراوتر دەبین.
 
راشیگەیاند، یەكێتی و پارتی لەژێر باری بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشدان و هیچ كامیان ناتوانن بە تەنها حكومەت پێكبهێنن.