دابه‌شكردنی‌ موچه‌ پێش دەخرێت

تشرين1/أكتوير 23, 2018
ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ حه‌وت كۆتایی‌ پێدێت، وه‌زاره‌تی‌ دارایش ئاماده‌كاری‌ بۆ ده‌ستپێكردن به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ هه‌شت ده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر به‌غدا 317 ملیار دیناره‌كه‌ی‌ هه‌رێم زوتر بنێرێت، پێده‌چێت دابه‌شكردنی‌ موچه‌ پێشبخرێت".

 

مانگه‌كانی ڕابردوو له‌ڕۆژانی (17 بۆ 21)ی مانگ حكومه‌تی عیراق بڕی 317 ملیار دیناری ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرد، به‌ڵام مانگی ڕابردوو ناردنی پاره‌كه‌ی پێشخست بۆ 15ی مانگ.
له‌باره‌ی پێشخستنی ناردنی پاره‌كه‌ش بۆ موچه‌ی مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵ، حاجی عابد مزوری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی  ڕاگه‌یاندوە، "تائێستا هیچ بڕیارێكمان له‌باره‌ی ناردنی پاره‌كه‌وه‌ به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتوه‌، هه‌ركاتێكیش بگات ڕاسته‌وخۆ وه‌زاره‌تی دارایی ئاگادارده‌كرێته‌وه‌".
ئه‌وه‌شی وت:"ئه‌گه‌ر به‌غدا 317 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێش واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆی‌ بینێرێت، به‌دڵنییایه‌وه‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ش پێشده‌خرێت".
به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ش، مانگانه‌ 30 ڕۆژ جارێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌كرێت، له‌ئێستاشدا هیچ زانیاریه‌ك بۆ پێشخستن یان دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی‌ موچه‌ له‌ئارادا نییه‌و به‌گوێره‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌تیش، مانگانه‌ له‌پێنجی‌ هه‌موو مانگێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌كرێت، یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت موچه‌كه‌ی‌ پێبدرێت.