هەڵوێستەكەی ئەمریكا لەسەر سێ‌ سەركردەكەی پەكەكە كاردانەوەی دروست كردووە

تشرين2/نوفمبر 07, 2018

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەند سەركردەیەكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی خستە لیستی داواكراوان‌و پاداشت دەداتە ئەو كەسەی شوێنی ئەو سەركردانە ئاشكرابكات، كە ئەمە كاردانەوەی دروست كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، خەڵات دەبەخشرێتە ئەو كەسانەی شوێنی ئەو سەركردانەی بۆ ئاشكرادەكەن، كە پێكهاتوون لە "موراد قەرەیلان، جەمیل بایك، دوران كاڵكان" سەركردە دیارەكانی پەكەكە.

ئەمەریكا بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت بۆ ئاشكراكردنی شوێنی موراد قەرەیلان و 4 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشكراكردنی شوێنی جەمیل بایك و سێ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشكراكردنی شوێنی دوران كاڵكان تەرخانكردووە، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە، كە كاردانەوەكان ناڕازییە بەرانبەر ئەو بڕیارەی واشنتۆن.

لەو بارەوە كەمال رەئوف، رۆژنامەنووس دەڵێت: ئەمریكا چونكە "دەوڵەتێكی كەپیتالیزمی قازانج پەرستی خۆ ویستە، هەموو شتێك لەسۆنگەی پارەو بەرژەوەندی خۆیەوە دەبینێت، هەموو شتێك لای ئەو نرخی كاڵای هەیە بەمرۆڤیشەوە".

كەمال رەئوف دەشڵێت: "دیاریكردنی بێ‌ شەرمانەی چەند ملیۆن دۆلارێك، بۆ سیخوری بەسەر سێ‌ سەركردەی دیاری پەكەكەوە، نرخەكەی گران دەبێت و ناكرێت بەقیمەتی دژایەتی تیرۆر بە دنیا بفرۆشرێتەوە".

هەروەها جەختیكردووەتەوە، كە "ئەم سیاسەتە لەسەردەمی حوكمرانی ئێستا گەیشتووەتە لوتكەی ملهوری، بەشێكە لەكارنامەی ترەمپ بۆ ئەمرۆی جیهان و بۆ رازیكردنی دڵی ستەمكاری ئەردۆگانەكانە، بەڵام ئەبێت گەلی ئەمریكا لەوە دڵنیابن، ئەگەر بەر بەمهەنگاوانەی دۆناڵد ترامپ نەگرن، ئەوا ئەگەر بەم هەنگاوە دڵی ستەمكارانیان بۆ رازیدەكرێت، لەلایەكی ترەوەدڵی ملیۆنەها كوردو ئازادیخوازی جیهان لەخۆیان دەرەنجێنن و خاڵێكی تری رەش بەتەوێڵی بەمێژووی ئێستاو ئایندەی ئەو وڵاتەوە زیاد دەكات، چونكە ناكرێت وڵاتێك بەدەستێكی خەریكی خۆ میاجكردنی دیموكراسیەت بێت و خۆیی بەقەڵای دیموكراسیەتی جیهان بزانێت و دەستەكەی تریشی لەخزمەت راگرتنی دڵی ئومەرای داعش و میرە ملهورەكانی كەنداودا بێت".

لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، "لە ساڵی 1997ەوە واشنتۆن پەكەكەی وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" ناساندووە، لە ساڵی 2011ەشدا ئیدارەی ئەمەریكا پەكەكەی وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" جیهانی ناساندووە.

هەروەها سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان دەڵێت: سەبارەت بە جەمیل بایك‌و قەرەیلان‌و كالكان "جیهان لەجیاتی مەحكومكردنی داگیركەرانی كوردستان، ئازادیخوازان و قوربانیانی سیاسەتی ستەمكارانەی نێودەوڵەتی سزا دەدات! فەرموون بە ئاشتی مافی رەوای گەلی كورد بدەن، با وەك هەمیشە كورد نەفرەت لەچەك و شەڕ بكات".

ئەوەش دەڵێت: "خەباتی شارەوانی دەكەن دەخرێنە زیندانەوە، خەباتی پەرلەمانی دەكەن دەخرێنە زیندانەوە، لەسەر شەقامەكان چالاكی مەدەنی دەكەن دەخرێنە زیندانەوە، لە شاخەكان خۆ دەپارێزن پەلامار دەدرێن! كورد چی بكات؟. لەبەرامبەر ئەم غەدرە جیهانیە مێژوویەدا پێویستە كورد تەباو یەكگرتووبێ، پشتی یەك بگرین و داكۆكی لەهەركوردێكی راستەقینە لەهەركوێی  دونیا بێ ئەركێكی نیشتمانییە".