نێچیرڤان بارزانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووى عێراق به‌ نهێنی رێككه‌وتنێكیان كردووه‌

تشرين2/نوفمبر 07, 2018

سه‌ركرده‌یه‌كى هاوپه‌یمانى نه‌سڕ زانیارى له‌باره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق له‌باره‌ى نه‌وتى كه‌ركوكه‌وه‌ ئاشكرا كرد.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ رۆژنامه‌ى "ئاژانس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ "ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووى عێراق، به‌ نهێنی رێككه‌وتنێكیان كردووه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌،‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ی پترۆ دۆلاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌".

به‌ پێی زانیارییه‌كان، رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی رابردوو ئه‌نجام دراوه‌، كاتێك "نێچیرڤان بارزانی" سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌، به‌ڵام ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌ رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ "جاسم به‌یاتی" سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی نه‌سڕ كه‌ نزیكه‌ له‌ عه‌بادییه‌وه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نهێنییه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "به‌ پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ رۆژانه‌ 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك له‌ ‌رێگه‌ی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كرێت".

ناوبراو ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ئه‌وه‌ ‌بووه‌ عێراق ڕزگار بێت له‌ سزا ئابورییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران، كه‌ له‌ 5 ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌ كه‌وته‌ بواری جێه‌جێكردنه‌وه‌،‌ به‌و پێیه‌ی پێشتر نه‌وتی كه‌ركوك له‌ رێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرا و له‌وێشه‌وه‌ ده‌برایه‌ كه‌نداو". 
"جاسم به‌یاتی" ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "به‌ پێى ڕێككه‌وتنه‌كه‌، پاره‌ی پترۆ دۆلاری ئه‌و نه‌وته‌ی‌ هه‌نارده‌ كراوه‌، به‌ كه‌ركوك نادرێت".