‌سێ هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان: مەترسی داڕوخان لەسەر گۆڕانە

تشرين2/نوفمبر 07, 2018

سێ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکدا نارەزایەتی خۆیان لە دۆخی بزوتنەوەکە دەردەبڕن و چەند مەترسیەک دەخەنەڕوو لەسەر گۆڕان و سێ سیناریۆ ئاشکرا دەکەن بۆ کاری داهاتووی بزوتنەوەکەیان.

لە ڕاگەیەراوێکدا هەریەک لە هۆشیار عەبدوڵا و عەدنان عوسمان و مەحمود ڕەزا؛ هەڵسوراوانی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیان خستوەتەڕوو "لە ماوەی رابردوا، گۆڕان هێزی کاریگەر و بزوێنەری شەقام و داخوازی هاووڵاتیان بو، بەڵام هەست ئە کەین ئێستا لە دووڕیانێکی مەترسیدار و چارەنوسسازدا گیریخواردوە".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەو سێ هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەکە ئاماژەیان بەوەکردووە "هەست ئە کەین وا خەریکە بزوتنەوەکە بە کاوەخۆ لە بزوتنەوەیەکی سیاسیی کۆمەڵایەتی بەرفراوانەوە ئە گۆڕێ بە بزوتنەوەیەکی تایبەت بە گروپێکی ئایدیۆلۆجیی دیاری کراو، بۆ گروپ و بژاردەیەکی سیاسیی دیاری کراو کە، تا دێ زیاتر لە فیکری دادپەرستی دور تر و لە قوتابخانە فیکریە مایەپوچەکەی حیزبە نەریتەوانەکانی مەنزومەی کوردایەتی نزیک تر ئە بێتەوە".

ئەو سێ هەڵسوڕاوەی بزوتنەوەی گۆڕان رونیانکردوەتەوە "خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جگە لە بەیاننامە و کۆبونەوەی بێ ئەنجام و هەوڵدان بۆ سنوردار کردن و لاوازکردنی گوتاری ئیعلامی گۆڕان و خاتر گرتنی پاڵەوانە موزەیەفەکانی کوردایەتی، هیچ هەنگاوێکی تری نەناوە".

ڕاگەیەنراوەکە ئەوەشی تێدا هاتووە "گۆڕان لە ساتەوەختێکی مەترسیدارایە کە ئەگەری داڕوخانی سیاسی و جەماوەری و لێکترازان و دورکەوتنەوەی هەڵسوڕاوە ئازاو جەسورەکانی لێ ئە کرێ".

سێ هەڵسوڕاوەکەی گۆڕان ئاماژەیان بەوەشکردووە دەبێت حزبەکەیان بەزوترین کات هەڵبژاردن و کۆنفرانسە ناوخۆییەکام دەستپێبکات و "لە بنەوە تا لوتکەی حزب" گۆڕانکاری تێدا بکرێت بە خانەی ڕاپەڕاندنیشەوە.

داواینکردووە بزوتنەوەکە لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆئەوەی بە دەستورەکەیاندا بچنەوە و هەمواری بکەنەوە.

لە کۆتایشدا پێشنیاریانکردووە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی کە حزبەکەی تێکەوتووە.