یەكێتی داوای چوار پۆستی سیادی هەرێم دەكات پارتی‌و گۆڕان بەنهێنی پێكهێنانی ‌حكومەتی هەرێم-یان تاوتوێ كردووە

تشرين2/نوفمبر 07, 2018

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان داوای چوار پۆستی سیادی دەكات و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پەیوەندی نهێنی لە‌نێوان پارتی و گۆڕان هەبووە بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتە.

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممەی هەفتەنامەی ״ئاژانس״ی وت: ״شاندی یەكێتی بەم نزیكانە سەردانی پارتی و لایەنەكانی تر دەكات، بەمەبەستی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت كۆدەبێتەوە".

سامان گەرمیانی وتیشی: ״پاكێجمان ئامادەیە و وردەكارییەكەی ئاشكراناكەم، بەڵام داواكارییەكانمان ڕوونە، كە بە پێی ئیستحقاقی خۆمانی دەزانین سەرۆكی پەرلەمان، یان جێگری سەرۆكی حكومەتمان هەبێت"، هەروەها جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی لەكۆی پێنج پۆستی سیادی وەك وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، دارایی، سامانە سرووشتییەكان یان دەزگای ئاژانس و پاراستنی هەرێم دوانیان وەربگرین، كە ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنكە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاژانس و پاراستنی هەرێمە.

سامان گەرمیانی، هرەوەها وتی: ״لە كوردستان دووەم هێزین و ئەمجارەیان وەك كابینەی پێشوو پاشكۆیەتی قبووڵ ناكەین".

هاوكات زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندی نهێنی لە نێوان پارتی و گۆڕان هەبووە بۆ تاوتوێكردنی حكومەتی نوێی هەرێم و كۆمەڵی ئیسلامییش لە ‌بەشێك لە وردەكاریی ئەو پەیوەندییانە ئاگادار كراوەتەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لەكۆمەڵی ئیسلامی، كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بزووتنەوەی گۆڕان بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە، كە پارتی چەند جارێك وتووێژی لەگەڵ كردوون لەسەر پێكهێنانی حكومەت و بە پارتییان وتووە با كۆمەڵیش بەشداری حكومەت بكات، بەڵام پارتی پێی باش نییە كۆمەڵ بەشدار بێت".

هاوكات وتیشی: ״پارتی بەگۆڕانی وتووە، كە ئەگەر سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێت یەكێكیان دەدرێت بە گۆڕان، بەڵام نایەوێت جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان پێبداتەوە״.

رۆژی 30 ئەیلوولی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرێوەچوو، كە رۆژی سێ‌ شەممە پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی كردو لایەنەكانیش بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستیاو بەگفتوگۆ كردووە.