یەکێتی کەسێک بۆ پۆستی قایمقامی شەنگال دیاریدەکات

تشرين2/نوفمبر 07, 2018

دانیشتوانی شەنگال ڕەتیانکردەوە بەرپرسانی پارتی بگەڕێنەوە شەنگال و جارێکی تر ئیدارەی ئەو ناوچەیە بکەن، بە وتەی بەرپرسێکی یەکێتییش لەو سنوورە، گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنەکان کردووە و کاندیدیان بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دەبێت کە پێشتر بە دەست پارتییەوە بووە.

هه‌فته‌ی ڕابردوو مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال به ‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شوێنی كاره‌كه‌ی له ‌لایه‌ن دانیشتوانی قه‌زای شەنگاله‌وه‌ ڕێگری لێكرا و كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی درایه‌ به‌ر به‌رد، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ڕێگرییان له‌ قایمقامی شەنگال كرد ناڕه‌زاییان له‌ ئیداره‌دانی ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕی له‌ پێشتردا كه‌ له‌ ده‌ستی پارتیدا بووه‌، به‌ڵام له‌ كاتی هاتنی داعشدا به‌ ته‌نها جێیان هێشتوون و له‌ ساڵی رابردوشدا ناوچه‌كه‌یان بۆ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی چۆڵكرد و دانیشتوانه‌كه‌یان به‌ ته‌نها به‌جێهێشت، بۆیه‌ رێگه‌ ناده‌ن جارێكی دیکە پارتی ده‌سه‌ڵاتی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت.

حسێن ده‌رمان، سه‌رپه‌رشتیاری مه‌ڵبه‌ندی شەنگالی یه‌كێتیی به ‌"ئاژانس"ی وت "خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئیداره‌ی كۆنی قه‌زاكه‌ ڕازی نین ئه‌وه‌ ئیراده‌ی میلله‌ته‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن هه‌موو شتێك له‌ ده‌ستی پارتیدایه‌ ئه‌و حزبه‌ش دووجار به‌جێیان هێشتووین و ته‌سلیمی دوژمنیان كردووین".

وتیشی "لیژنه‌یه‌ك ته‌شكیل كراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌ك كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق درووستی كردووە كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌و لیژنانه‌ ئیداره‌یه‌كی نوێ بۆ قه‌زاكه‌ دیاری ده‌كه‌ن، كاندیدی خۆمان پۆ پۆستی قایمقام ده‌بێت و لایەنەکان هێڵی سووریان لەسەر ئێمە نییە".

ئێستا لایەنەکانی ناو شەنگال لە هەوڵی دۆزینەوەی ئالیەتێکدان بۆ درووستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بە بێ پارتی.

سەعید بتروشی، سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دومی ئێزدی له‌ شەنگال وتی  "له‌ 2003وە پارتی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های له‌ شەنگالدا هه‌یه، له‌ ماوه‌ی دوو سێ ساڵدا دووجار به‌جێیانهێشتین، تەنانەت قەرەبووەکانیشیان بۆ خۆیان بردووە".

وتیشی "خه‌ڵكی شەنگال ده‌یه‌وێت خۆی خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت نه‌ ڕازی ده‌بێت حكومه‌تی عێراق به‌ڕێوه‌ی ببات نه ‌ڕازی ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ی ببات، ده‌یه‌وێت ئیداره‌یەكی هه‌ڵبژێردراوی له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌بێت".

مه‌حما خه‌لیل له‌ كۆتایی ساڵی 2015وه‌ كراوه‌ به‌ قایمقامی شەنگال، له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌كردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری شەنگال ناوبراو قه‌زاكه‌ی به‌جێهێشت، رێگریكردنیشی له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی شەنگاله‌وه‌ له‌ چوونه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی به‌ پلان ده‌زانێت.

مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی له‌كارلادراوی شەنگال به‌ "ئاژانس"ی وت "ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر من كرا خه‌ڵكی شەنگال نه‌بوون به‌ڵكو پلانی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ بوو، خه‌ڵكی شەنگال له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆست و ئیداره‌دانی شەنگال نابین له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ڕێگه‌یه‌كی شه‌رعی و یاسایی وه‌رمان گرتووه".