كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌یڕه‌وكردنی‌ سستمی‌ خاڵمان پێ په‌سه‌نده‌

تشرين2/نوفمبر 08, 2018

سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ سیستمی‌ خاڵ بۆ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كان له‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، "په‌یڕه‌وكردنی‌ سیستمی‌ خاڵمان پێ په‌سه‌نده‌ به‌و مه‌رجه‌ی‌ هێڵی‌ سور دانه‌نرێت".

سه‌لیم كۆیی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ راگه‌یاند: "بۆ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌یڕه‌وكردنی‌ سستمی‌ خاڵمان پێ په‌سه‌نده‌ و عه‌داله‌تی‌ تیادایه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵام بۆ سیستمی‌ خاڵ ده‌بێت هه‌موو حكومه‌ت شمولی‌ بكات و هیچ پۆستێكی‌ لێ به‌ده‌رنه‌كرێت به‌ناوی‌ هه‌بوونی‌ رێككه‌وتن له‌ نێوان لایه‌نه‌كان".

وتیشی‌: "سیستمی‌ خاڵ به‌باشترین چاره‌سه‌ر ده‌زانین بۆ دابه‌شكردنی‌ پۆسته‌كان به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌   ده‌چنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، به‌و مه‌رجه‌ی‌ هیچ پۆستێكی‌ حكومه‌ت نه‌كرێته‌ هێڵی‌ سور و هێڵی‌ سور دانه‌نرێت و سیستمه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێبكرێت".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، وه‌ك كۆمه‌ڵ تائێستا هیچ بڕیارێكیان له‌باره‌ی‌ به‌شداریكردن یان نه‌كردن نه‌داوه‌، چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و وه‌فده‌ی‌ پارتی‌ ده‌كه‌ن كه‌ تایبه‌ت به‌پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نوێ بڕیاره‌ سه‌ردانی‌ لایه‌نه‌كان بكه‌ن.