گۆڕان"ئه‌گه‌ر به‌شداری حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین هه‌موو كاندیده‌كانمان كه‌سانی نوێ ده‌بن"

تشرين2/نوفمبر 08, 2018
گۆڕان دان به‌هه‌ڵه‌یه‌كی خۆیدا ده‌نێت له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش رایده‌گه‌یه‌نێت"ئه‌گه‌ر به‌شداری حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین، هه‌موو كاندیده‌كانمان كه‌سانی نوێ ده‌بن" و ده‌شڵێت:له‌هیچ كه‌سێكی قبوڵ ناكه‌ین، كاندیدمان بۆ دیاریبكات.

 

 

چالاك موهه‌ندیس ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان راگه‌یاند: یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌كانمان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌وه‌بوو، كه‌ به‌میكانیزمێكی هه‌ڵه‌ ده‌موچاوه‌ كۆنه‌كانمان هێنایه‌وه‌ پێشه‌وه‌، یان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بوون یاخود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بوون.

وتیشی:"بێگومان ئه‌گه‌ر بچینه‌ ناو حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌موچاوه‌ كۆنه‌كان نابه‌ینه‌وه‌، ره‌نگه‌ سه‌رۆكی كابینه‌ بچووككراوه‌كه‌ی خۆمان یه‌كێكی به‌ئه‌زموونی تێدا بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌موچاوه‌كان نوێ ده‌بن".

سه‌باره‌ت به‌كاندیدكردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدان و پۆسته‌ی وه‌زاره‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، چالاك موهه‌ندیس وتی"بێگومان ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ كاندیدی ده‌كاته‌وه‌، نه‌ك له‌سه‌ر گۆڕان، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ پارتی ئاشتی هه‌ورامی كاندید بكاته‌وه‌، له‌سه‌ر گۆڕان ناكه‌وێت، له‌سه‌ر خۆیان ده‌كه‌وێت".

وتیشی:"له‌هیچ كه‌سێك قبوڵ ناكه‌ین، كاره‌كته‌ر بۆ ئێمه‌ ده‌ستنیشان بكات، چونكه‌ گۆڕان خۆی بڕیار له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانی خۆی ده‌دات".