یه‌كێتیی په‌یامێك ئاراسته‌ی پارتی ده‌كات سه‌باره‌ت به‌پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم

تشرين2/نوفمبر 10, 2018
یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كات سه‌باره‌ت به‌پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم، هاوكات جێبه‌جێكردنی سیستمی خاڵ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌گوێی پارتیدا ده‌دات، سه‌ركردایه‌تیه‌كی‌ یه‌كێتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنمان چه‌ند بێت، ئه‌وه‌مان ده‌وێت".

 

 

وه‌ستا ڕه‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی  ڕاگه‌یاند، "پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم بریتییه‌ له‌دوو پۆست له‌ناو یه‌ك پۆستدا، به‌شێوه‌یه‌ك، به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌ گرنگه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ دراوه‌ به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت، بۆیه‌ پێگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌هێزتره‌ له‌پێشوو".

ڕاشیگه‌یاند، "ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان وه‌كو دوو پۆست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆسته‌دا ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌په‌یڕه‌وكردنی سیستمی خاڵ له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی هه‌رێمدا هاوشێوه‌ی عیراق، وه‌ستا ڕه‌سوڵ وتی:"دوو ڕێوشوێن هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ حكومیه‌كان، یان له‌ڕێگه‌ی ته‌وافوقی سیاسی، یاخود له‌شێوه‌ی خاڵبه‌ندی، ئه‌گه‌ر ڕێوشوێنی دوه‌م پیاده‌بكرێت، پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم هێنده‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق خاڵ ده‌بات".

ئاشكراشیكرد، ئه‌گه‌ر سیستمی خاڵ جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وكات هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ قازانج ده‌كه‌ن و به‌شێكی زۆری پۆسته‌ سیادیه‌كان له‌لایه‌ن هێزێكی دیاریكراوه‌وه‌ قۆرخ ناكرێت.

ئه‌وه‌شی وت:"وه‌كو یه‌كێتی جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنمان چه‌نده‌ ئه‌وه‌مان ده‌وێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و مافه‌ی خۆمان خۆشنابین".