توركیا ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌خاكی‌ هه‌رێم و له‌چیاكانی‌ نزیكی‌ قه‌ندیل و ده‌وروبه‌ری‌ زیادكردوه‌

تشرين2/نوفمبر 10, 2018
له‌دوای‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ته‌رخانكردنی‌ 12 ملیۆن دۆلار بۆ ده‌ستگیركردن یان ئاشكراكردنی‌ شوێنی‌ سێ‌ له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌، توركیا ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌خاكی‌ هه‌رێم و له‌چیاكانی‌ نزیكی‌ قه‌ندیل و ده‌وروبه‌ری‌ زیادكردوه‌، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش زانیاری‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ورده‌كاریی زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.

 

 

مه‌لا كه‌ریم برادۆستی‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی‌ یه‌كێتیی‌ له‌برادۆست  ڕاگه‌یاند، "له‌سنوری‌ ناوچه‌ی‌ برادۆست سوپای توركیا ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ به‌گشتیی له‌هه‌رێم زیادكردوه‌و به‌شێك له‌سه‌ربازه‌كانیشی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ كۆپته‌ره‌وه‌ دابه‌زاندۆته‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌تایبه‌ت له‌چیاكانی‌ نزیك و ده‌وروبه‌ری‌ قه‌ندیل".

وتیشی‌:"ڕۆژانه‌ سوپای‌ توركیا سه‌ربازه‌كانی‌ بۆ خواروی چیای دیل له‌ناوچه‌ی‌ برادۆست زیادده‌كات و به‌شه‌وانه‌ش هێزه‌كانیان پاشه‌كشه‌ پێده‌كه‌ن بۆ باره‌گای سه‌ره‌كی‌ توركیا كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا جێگیریان كردوه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆریش سه‌ربازی توركیای هێنراونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یه‌كێتیی ئاشكراشیكرد، "دوای‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاو زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ سه‌ربازانی‌ توركیا، ئێستا پێكدادانی‌ نێوان سوپای‌ توركیاو گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌ناوچه‌كه‌دا ڕوی له‌زیادبون كردوه‌ به‌جۆرێك، هه‌فتانه‌ چه‌ندینجار پێكدادان له‌و ناوچه‌یه‌ ڕوده‌دات".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌:"له‌چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردودا گه‌ریلاكانی‌ په‌كه‌كه‌ هێرشیانكرده‌سه‌ر سه‌ربازانی‌ سوپای‌ توركیاو ژماره‌یه‌ك سه‌ربازیان كوشتوه‌، دواتریش به‌چه‌ند كورته‌ ڤیدیۆیه‌ك چالاكیه‌كانیان بڵاوكرده‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش توركیا به‌رده‌وام ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ به‌و هۆیه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ زیاترده‌كات".

 سوپاى تورکیا بەهاوکارى پارتى دیموکراتى کوردستان هێزەکانى جولە پێ دەکات