یەكێتیی وەڵامی كۆتایی پارتى لەبارەی بەشدارییكردنیان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەداتەوە

تشرين2/نوفمبر 10, 2018
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان وەڵامی كۆتایی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بەشدارییكردنیان لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەداتەوە، سەركردایەتیەكەی یەكێتیش تەئكیددەكاتەوە، "ئێمە داوای شەراكەتی ڕاستەقینە لەحكومەت دەكەین، هەر میكانیزمێكیش پەیڕەوبكرێت گرفتمان نابێت".

 

 

بەگوێرەی دوایین لێدوانی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، "یەكێتیی شەریكی جێگیری ئێمەیە، بەڵام ناكرێت سیستمی 50 بە 50 بۆ دابەشكردنی پۆستەكان پەیڕەوبكرێت".
 
لەوبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی  ڕاگەیاند، "یەكێتیی بەرنامەیەكی بۆ دانوستان و شێوازی بەشداریكردن لەكابینەی حكومەتدا داناوەو لیژنەی دانوستانكاری یەكێتیش گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكەدا دەكات، جگەلەوەش ئێمە وەك یەكێتیی داوادەكەین لەبەشداریكردنمان لەحكومەتدا  شەریكی ڕاستەقینەبین".
 
ڕونیشیكردەوە، "ئەگەر لایەنێك 10 كورسی پەرلەمانی هەبێت و  لایەنێكی دیكە دوو كورسی هەبێت، كاتێك بەشداری كابینەی حكومەت دەكات پێویستە بەشدارییكردنەكە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە بێت و ڕێز لەبۆچونی یەكتر بگیرێت، ئێمە بەو مەرجە بەشداریدەكەین".
 
سەركردایەیتەكەی یەكێتیی ئاشكراشیكرد، "ئەگەر شەراكەتی ڕاستەقینە نەبێت و دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای 50 بە50ش بێت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، ئەوا دواجار كێشە دروستدەبێت، بۆیە ئێمە وەك یەكێتی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە بەشداردەبین".
 
جەختیشیكردەوە، "ئێمە هەموكات جەختمانكردۆتەوە لەبەشداری ڕاستەقینەمان لەحكومەتدا، بۆیە پێویستە براوەی یەكەمیش كار لەسەر ئەو ئاراستەیە بكات".