هەولێر داوای موچەی سێ‌ مانگی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغدا دەكات

كانون1/ديسمبر 04, 2018

حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی كردووە بۆ حكومەتی عێراق بۆ پێدانی 952 ملیار دیناری  بودجەی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

هەفتەنامەی باس لەژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەسەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڵاویكردەوە، كە بەنووسرای فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای بودجەی سێ مانگی موچەی فەرمانبەرانی لەبەغدا كردووە.

سەرچاوەكە روونیكردەوە پێویست بوو تا كۆتایی ساڵی 2018 بەغدا 12  بودجەی بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەران لە ساڵی 2018 بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكردایە، بەڵام بەو مانگەوە تەنیا 9 مانگ رەوانە دەكات.

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند "لەو 317 ملیار دینارەی رەوانە دەكرا، 3 بودجە لە 2018 نەنێردراوە، بۆیە بەنووسراوی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە لە ساڵی 2019 ئەو بڕە پارەیە قەرەبووی هەرێمی كوردستان بكاتەوە".

لە ڕۆژی 19ی 3ی 2018 ، یەكەم وەجبەی ٣١٧ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دینارەكە، لەلایەن عێراقەوە لەڕێگەی  لقی بانكی ناوەندی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان نێردرا، پارەكە مانگانە  دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان.

بڕی پارەی ئەو سێ مانگە  دەكاتە زیاتر لە 952 ملیار دینار، كە زیاترە لەپارەی موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی كوردستان، كە ئێستا پێویستی 725 ملیار دینارە.

سەرچاوەكە ئەوەی دووپاتكردەوە ئەو پارەیە بدرێتە حكومەت وەكو موچە دەدرێتە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستان‌و راشیگەیاند "چاوڕوانین بەغدا بە فەرمی وەڵاممان بداتەوە و ئومێد دەكەین پارەكەمان بۆ رەوانە بكات".