یەکێتی هۆشداریدەدات لەسەر دانانی وەزیری دادی عێراق

كانون1/ديسمبر 04, 2018

ئەمڕۆ 4ی کانونی یەکەمی 2018 فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌پێنه‌دانی پۆستی وەزاری له‌حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌رده‌بڕێت و هۆشداریشده‌داته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ بێبه‌شكردنیان غه‌دره‌ و قبوڵی ناكه‌ن، په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت کە ناهێڵن نیسابی یاسایی تەواوبێت و كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش دواده‌خرێت.

حه‌سه‌ن ئاڵی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، به‌یاننامه‌مان بڵاوكردۆته‌وه‌ و ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانمان كردوه‌ كه‌ یه‌كێتی خاوه‌ن خه‌باتێكی زۆره‌ و له‌سه‌رده‌می جه‌نابی مام جه‌لالیشدا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و نابێت غه‌دری لێ بكرێت، مافی خۆمانه‌ پۆستێكی وەزاری له‌كابینه‌ی نوێ وه‌ربگرین.

وتیشی "داوامان له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردوه‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌غه‌دركردن له‌یه‌كێتی و بێبه‌شكردنی له‌پۆستی حكومی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كوتله‌ی سائیرون و میحوه‌ری وه‌ته‌نی هاتونه‌تەسه‌ر هێڵ و ناڕازین، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دوابخرێت و ئه‌نجامنه‌درێت، له‌حاڵه‌تێكیشدا دوانه‌خرێت، نیسابی یاسایی تێكده‌ده‌ین و بایكۆتی ده‌كه‌ین، هه‌وڵی ڕازیكردنی هه‌ندێك لایه‌نی تریش ده‌ده‌ین كه‌ هاوهه‌ڵوێست بن له‌گه‌ڵماندا".

به‌پێی سیڤی ناوی كاندیده‌كان كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، دارا نوره‌دین، بۆ پۆستی وه‌زیری داد كاندید كراوه‌ و یه‌كێتیش به‌ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش خالید شوانی كاندید كردوه‌.

حه‌سه‌ن ئاڵی ئه‌وه‌شی وت "له‌گفتوگۆكانیشمان هۆشداریمانداوه‌ته‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كه‌ ئه‌و غه‌دره‌ له‌یه‌كێتی قبوڵ ناكه‌ین، سه‌رۆك كۆماریش داوایكردوه‌، نه‌ك له‌یه‌كێتی نابێت مافی هیچ لایه‌نێك بخورێت".

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی "سوننه‌ و شیعه‌كانیش له‌ناوخۆیاندا ململانێیه‌كی زۆریان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگری هه‌یه‌، كۆمه‌ڵێك هۆكاریش هه‌یه‌ كه‌ واده‌كه‌ن كۆبونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت و ئه‌نجام نه‌درێت".