یه‌كێتی: ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان شتێك هه‌بێت به‌ناوی مه‌رجه‌ع

كانون1/ديسمبر 04, 2018
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر ناوزه‌ندكردنی سه‌رۆكی پارتی به‌مه‌رجه‌عی‌ باڵا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حزبه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌ده‌نگ، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان شتێك هه‌بێت به‌ناوی مه‌رجه‌ع و هۆشداریش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تا دوێنێ باسی دراوسێی باشی ده‌كردو ئێستاش شه‌ڕیه‌تی له‌سه‌ر كورسی و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق".

 

 

سامان گه‌رمیانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی،  ڕاگه‌یاند: له‌هه‌رێمی كوردستان شتێك نییه‌ به‌ناوی مه‌رجه‌عه‌وه‌، به‌رپرسانی پارتی له‌لای خودی خۆیان كاك مه‌سعودیان كردۆته‌ مه‌رجه‌عی حزبه‌كه‌یان، به‌ڵام مه‌رجه‌عی باڵا نییه‌و ته‌نها بۆ خۆیان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ مه‌رجه‌عی هه‌موو كوردستانه‌.

به‌رپرسانی پارتی چه‌ند جارێك له‌میدیاكانیانه‌وه‌ باس له‌بوونی سه‌رۆكی ئه‌و حزبه‌ به‌مه‌رجه‌ع ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێكۆته‌وتۆته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌، مه‌رجه‌ع بوونی هه‌بێت و ده‌شڵێت:" ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌كیم هه‌بوایه‌و هه‌موولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كۆبكردایه‌ته‌وه‌و حزبایه‌تی نه‌كردایه‌ ڕه‌نگه‌ لایه‌نه‌كانیش ڕێزیان لێی بگرتایه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ بوونی نییه‌، تا دوێنێ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد له‌گه‌ڵ عیراق ده‌بنه‌ دوو دراوسێی باش، كه‌چی ئێستا شه‌ڕ ده‌كات له‌سه‌ر كورسی و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق".،

سامان گه‌رمیانی ئاشكراشیده‌كات، "پارتی كه‌ ئێستا بۆته‌ براوه‌و ژماره‌یه‌ك كورسی هێناوه‌، توشی غرورو له‌خۆبایی بووه‌و پێی وایه‌، ده‌توانێت سه‌ركردایه‌تی كورد بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ زیاتر ناوماڵی كورد تێكده‌دات و قاعیده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیاتر توڕه‌ ده‌كات، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچوون و جوڵه‌ی ئازاد دروستبووه‌، زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت".