وه‌زاره‌تی دارایی گفتوگۆكانی له‌سه‌ر چاره‌نووسی موچه‌ی مانگه‌كانی (10، 11، 12)ی ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كات

كانون1/ديسمبر 04, 2018
وه‌زاره‌تی دارایی گفتوگۆكانی له‌سه‌ر چاره‌نووسی موچه‌ی مانگه‌كانی (10، 11، 12)ی ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كات، به‌گوێره‌ی  زانیارییەکانیش ، دارایی داوایكردووه‌ به‌زووترین كات ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێك له‌باره‌ی ئه‌و سێ موچه‌یه‌وه‌ بدات.

 

به‌گوێره‌ی زانیارییەکان، ئه‌مڕۆ 4ی 12ی 2018، رابه‌ر سدیق بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێریاری وه‌زاره‌ت كۆبۆته‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌نووسی موچه‌ی مانگه‌كانی (10، 11 و 12)ی ئه‌مساڵ كراوه‌.

له‌زانیارییه‌كاندا هاتووه‌، تائێستا هیچ بڕیارێك له‌باره‌ی پاشه‌كه‌وتكردنی ئه‌و سێ موچه‌یه‌، یان دابه‌شكردنی له‌ساڵی داهاتوو نه‌دراوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌و كۆبوونه‌وه‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات و پێش 31ی 12، بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بدرێت، بۆئه‌وه‌ی گه‌نجینه‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه‌و نه‌كه‌وێته‌ كۆتایی ساڵ و كێشه‌ بۆ ژمێریاره‌كان دروست ببێت".

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ ، هۆكاری بڕیارنه‌دانی وه‌زاره‌تی دارایی له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و سێ موچه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ به‌غداوه‌ نییه‌، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه‌، حكومه‌تی عیراق مانگانه‌ 317 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ بڕیارێكی نه‌داوه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیارێك ده‌ربچێت، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌بكرێت كه‌ ئه‌و سێ موچه‌یه‌ تۆمار بكرێت به‌شێوه‌ی پاشه‌كه‌وت یان له‌مانگی یه‌وه‌ مانگی (10) بدرێت".