یەكێتی چاوی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم‌و حكومەتە

كانون1/ديسمبر 05, 2018

یەكێتی نیشتمانی چاوی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگرەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتە، لەسەر بنەمای وەرگرتنی ئەو پۆستانەش گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكرات دەكات.

بەپێی  زانیارییەکان، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت لەسەرۆكایەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، بۆ ئەوەش ناوی هەریەكە لەقوباد تاڵەبانی‌و مەلا بەختیار دەهێنرێت كاندیدی پۆستەكە بن.

هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێتی چاوی لەپۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیشە، بۆ ئەو پۆستەش ناوی هەریەكە لەحاكم قادرو شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەهێنرێت بۆ ئەوەی یەكێكیان پۆستەكە وەربگرێت.

یەكێتی جگە لەو دوو پۆستە چاوی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمانیشە، كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە هەریەكە لەرێواز فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانییە، كە كێبڕكێیەكی توند لەنێوان ئەم دوو كاندیدەش هەیە.

یەكێتی بۆ ئەو مەبەستەو ئامادەكردنی بەرنامەی گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی بەم نزیكانە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەكات‌و ناوی كاندیدەكانیش بۆ ئەو پۆستانە یەكلادەكاتەوە.

یەكێتی 21 كورسی پەرلەمانی هەیەو دووەم هێزی هەرێمی كوردستانە، كە دەیەوێت جگە لەو پۆستانەش چەند پۆستێكی وەزاری وەربگرێت، كە بۆ ئەوەش چاوی لەوەزارەتی پێشمەرگەو تەندروستی هەیە.