وەزارەتی ناوخۆ ڕوونکردنەوە دەدات سەبارەت بە داخستنی بەشی ڤی ئای پی

كانون1/ديسمبر 06, 2018

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، بەشی ڤی ئای پی دانەخراوە بەڵام کارەکانی ڕاگیراوە بەشێوەیەکی کاتیی تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت لەوبارەیەوە.

سامی جەلال بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم  ڕاگەیاند، بەشی ڤی ئای پی لە هاتوچۆی هەولێر دانەخراوە بەڵکو ڕاگیراوە هەتا هەفتەی داهاتوو .

ئەوەشی ڕاگەیاند، وەزارەتەکەیان کۆبوونەوەی خۆی لەوبارەیەوە ئەنجام دەدات تا ئەو کاتە بڕیارێک لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان دەردەکات.

هاوکات ئەمڕۆ هێمن هەورامی سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  وەزیری ناوخۆ بڕیاری راگرتنی بەشی ڤی ئای پی داوە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر.

ئەمەش لە کاتێکدایە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر ڕایگەیاند،  لەمەو‌دوا شێوازێكی نوێی‌ كاركردنیان ده‌بێت بۆ رایكردنی مامه‌ڵه‌ی هاونیشمانییان بەشێوەیەکی خێرا، هه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستی بێت به‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی به‌زوویی بكرێت، ده‌بێ بڕی ١٠٠ هه‌زار دینار بدات.

شێوازی مامەڵەی خێرا لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگاکانیش هەیە، بەجۆرێک هەر کەسێک بیەوێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا پاسپۆرتەکەی نوێبکاتەوە ئەوا دەبێت ٢٥٠ هەزار دینار بدات.

 ئەم بڕیارە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان ئەم کارەیان بە جیاوازی دروستکردن لە نێوان هاوڵاتیانی دەوڵەمەند و هەژاردا ناوبرد.