پارتی نایه‌وێت كۆمه‌ڵ به‌شداریی له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمدا بكات

كانون1/ديسمبر 06, 2018

گه‌رچی به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی نایانه‌وێت هیچ لایه‌نێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت په‌راوێز بخه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ به‌رامبه‌ر به‌شداریی كۆمه‌ڵ له‌حكومه‌تدا ساردی ده‌نوێنێت.

گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كۆتاییهات، كه‌چی شاندی پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانی نه‌كرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌رپرسانی پارتیه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌ كه‌ شاندی ئه‌و حزبه‌ به‌مه‌به‌ست سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئێسلامی نه‌كردبێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی شارپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی نایه‌وێت بۆ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌شداریی حكومه‌ت بكات، له‌ئێستاشدا كۆمه‌ڵ ده‌یه‌وێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ببێته‌ نێوه‌ندگیری نێوان ئه‌وان ‌و پارتی.

پێشتر به‌رپرسانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان جه‌ختیانده‌كرده‌وه‌ له‌وه‌ی، به‌ڕاوێژ ‌و هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌نگاو بۆ داهاتوو ده‌نێن، به‌لێدوانی به‌رپرسانی كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌ به‌ئاشكرا ده‌بیندرێت كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام پارتی به‌رامبه‌ر به‌شداریی ئه‌وان ساردوسڕه‌.

لێدوانی ئه‌مڕۆی هێمن هه‌ورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات لەپەرلەمانی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ بابه‌تی خواستی پارتی بۆ به‌شداریی پێنه‌كردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ حكومه‌ت زه‌قكرده‌وه‌، چونكه‌ به‌وته‌ی هێمن هه‌ورامی، " پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و یەكێتیش وەك شەریكێكی راستەقینەو گۆڕانیش وەك لایەنێكی خاوەن پێگەو جەماوەر ئەركی پێكهێنانی حكومەت لەئەستۆ دەگرن‌".