بزوتنەوەی گۆڕان: پارتی بەڵێنی هیچ پۆستێکی پێ نەداوین

كانون1/ديسمبر 07, 2018

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند پارتی بەڵێنی هیچ پۆستێکی بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوە و گۆڕانیش داوای ئەوەی نەکردووە جێگری سەرۆکی حکومەتی پێ بدرێت و ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ بەشداریکردن لە کابنینەی نۆیەمی حکومەت، لەبارەی دەنگۆی کۆبونەوەی نهێنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕونکردنەوەی دا و ئەوەی ڕەتکردەوە.

شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوکات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەکەیە، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوس ژیار محەمەد کە لە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا بڵاوبوەتەوە باسی چەند پرسێکی گرێدراوی بە بەشداریکردنی بزوتنەوەکە کردووە لە حکومەتی هەرێم.

شۆڕش حاجی ڕایگەیاندووە "بڕیاری بەشداریکردن لە حکومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن وابەستەیە بەسەردانی وەفدی پارتی بۆ لامان تا بزانین ئەوان چییان پێێە، وە تاچەند ئامادەن ئەو پاکێجە چاکسازییانەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیانە بیخەنە ناو بەرنامەی حکومەت و لە سەقفێکی زەمەنی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت".

حاجی ئاماژەی بەوەشکردووە "تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بچینە ناو حکومەت یاخود نەچین، وە ئەگەر بڕیاریشمان دا بچینە حکومەت نازانین چ پۆستێکمان بەردەکەوێت، بۆیە هەموو ئەو قسانەی کە دەکرێت کە فڵانە کەس کاندیدە یا فڵانە پۆست وەردەگرێت ئەمە پێشبینی میدیاکارەکانە".

وتەبێژەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە گوایا گۆڕا داوای کردووە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت ڕونیکردووەتەوە "ئەوە ڕاست نیە تەنها پێشبینی میدیاکان و قسەی چەند کەسێکن ئێمە بەرنامەی خۆمان هەیە بۆ هەردوو ئەگەرەکە بەشداری کردن لەحکومەت یاخود بەشداری نەکردن، بەرنامەی خۆمانمان هەیە کەس پێی نازانێت جگە لەچەند کەسێکی کەم نەبێت ئەوەش لەجڤاتی نیشتمانی یەکلایی دەکرێتەوە".

زۆرێک لە چاودێران و کەسانی نزیک لە بزوتنەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن بەرپرسانی گۆڕان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بە نهێنی کۆبونەوەتەوە، شۆڕش حاجی لەو بارەیەوە وتی "بەهیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نیە، لێرە و لەوی هەندێک قسە دەکرێت کە هەڵسوڕاوی گۆڕان یا ئەندامی جڤاتن ئەوانە قسەی شەخسی خۆیانن هیچیان ناچێتە چوارچێوەی ڕای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە".

شۆڕش حاجی جەتیکردوەتەوە "پارتی بەڵێنی هیچ پۆستێکی پێنەداوین چونکە هیچ دانیشتنێکی فەرمیمان لەگەڵ پارتی نەبووە کە باسی شێوازی پێکهێنانی حکومەت بکەین."