دوورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لە حکومەت کێشە دەخاتە نێوان پارتی و تورکیاوە

كانون1/ديسمبر 07, 2018

مه‌سرور بارزانى ئه‌ندامى مەكته‌بی سیاسیى پارتى، له ‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانیى باوكى و سه‌رۆكى ئه‌و حزبه‌وه‌ كاندید كراوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت، له ‌كاتێكدا پارتى ده‌یه‌وێت له‌ ماوه‌ى سێ بۆ شه‌ش مانگدا نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم لە پەرلەمانەوە هه‌ڵبژێرێت.

بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی ناڕازای بوون بە كاندیدنەكردنەوەی نێچیرڤان بارزانی و پێیان وا بووە مامەڵەی توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا دەگۆڕێت، بەو پێیەش بۆ قۆناغی داهاتوو کێشە لەنێوان پارتی و تورکیا درووست دەبێت و ئەگەرەکان بەرەو ئەوەن پارتی لە ئێران نزیکتر ببێتەوە.

دووشه‌ممه‌ى ڕابردوو 3ى كانوونی یه‌كه‌م ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتى كۆ بوونه‌وه‌ و به ‌پێچه‌وانه‌ى پێشبینیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانەوە مه‌سرور بارزانییان بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت و نێچیرڤان بارزانییشیان بۆ پۆستى سه‌رۆكى هەرێم كاندید كرد.

«كه‌س گفتوگۆى نه‌كرد»

به‌ پێى زانیارییه‌كانى «ئاژانس» له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتیدا كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مى خایاندووه‌ به‌ به‌راورد به‌ كۆبوونه‌وه‌كانى پێشوویان، كاتێك پرسی پاڵاوتنى مه‌سرور بارزانی بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت خراوەتە ڕوو، گفتوگۆى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌. 

نوورى حەمه‌عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان و به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه،‌ به‌ ڕۆژنامه‌ى «ئاژانس»ى ڕاگه‌یاند: «له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مه‌سعود بارزانى وه‌كو سه‌رۆكى پارتى پێشنیازى ئه‌وه‌ى كرد، كه‌ مه‌سرور بارزانى كاندید بكرێت بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران.»

نووری حەمه‌عه‌لى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: «دواى پێشنیازه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى نه‌مبینى یان نه‌مبیست كه‌س لاریى هه‌بێت.»

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى ڕه‌تیشی كرده‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى نیگه‌ران بووبێت له‌و بڕیاره‌ و وتى: «ئه‌ویش كاندید كرا بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و بۆچى گله‌یى ده‌بێت».

به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تیى پارتییەوە، كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌ و به‌شدار بووه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌ «ئاژانس»ى وت: «كاندیدكردنى مه‌سرور گله‌یى و گازانده‌ى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێشنیازى مه‌سعود بارزانى بووه‌، كه‌س نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه.‌«

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ نیگه‌رانیی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسیى پارتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نێچیرڤان بارزانی نه‌كرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكوه‌زیران كێشه‌ بۆ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان درووست بێت و توركیا هه‌مان ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى نه‌كات، كه‌ پێشووتر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانیدا كردوویه‌تى».

بۆ سه‌رۆكایەتیى هه‌رێم سێ مانگ دیاری كراوه‌

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نێچیرڤان بارزانى پاڵێورا بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، له ‌كاتێكدا ئه‌و پۆسته‌ له ‌ساڵى ڕابردووه‌وه‌ سڕ كراوه ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دابه‌ش كراون‌ به‌سه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ریدا.

كاكه‌مین نه‌جاڕ ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ «ئاژانس»ى ڕاگه‌یاند: «كاراكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ئه‌ستۆى په‌رله‌مانى كوردستانه ‌و له‌وێ ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌«.

به‌ پێى زانیارییه‌كانى «ئاژانس» كه‌ له ‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتووه،‌ بڕیارى ئه‌وه‌ دراوه‌ له‌ ماوه‌ى سێ بۆ شه‌ش مانگدا و له‌ ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم كارا بكرێته‌وه‌.

به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه،‌ كه‌ سه‌رۆكى داهاتووى هه‌رێم له‌ پاش كاراكردنه‌وه‌ى له‌ كوێوه‌ دیاری ده‌كرێت، كه‌ به ‌پێى زانیارییه‌كانى «ئاژانس» پارتى كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، به‌و پێیه‌ى تێیدا زۆرینه‌یه ‌و ده‌توانێت ئه‌و پرسه‌ تێپه‌ڕێنێت.

عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیموكراتى كوردستان به «‌ئاژانس»ى ڕاگه‌یاند: «یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چۆنێتیى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى داهاتووى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، كه ‌ئایا چۆن یاساى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ئه‌كتیڤ ده‌كاته‌وه ‌و دواجار ده‌ستوور بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یە ده‌دات».