هۆشدارییه‌ك له‌باره‌ى رێگاى دۆڵى سماقوڵییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌

كانون1/ديسمبر 08, 2018

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر له‌باره‌ى رێگاى دۆڵى سماقوڵییه‌وه‌ شۆفێران ئاگادارده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، جارێكى دیكه‌ ئاستى ئاوى به‌نداوى جه‌لى له‌سه‌ر رێگاكه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و كێشه‌ بۆ هاتوچۆى ئۆتۆمبێله‌ بچوكه‌كان دروست بووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ "به‌هۆی ئه‌م بارانه‌ به‌ لێزمه‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ كاتی ئێستادا دووباره‌ ئاستی ئاوی به‌نداوی جه‌لی له‌ رێگای دۆڵی سماقوڵی به‌رزبۆته‌وه‌، به‌مه‌ش كێشه‌ بۆ ئۆتۆمبێله‌ بچوكه‌كان په‌یدا بووه‌ و ناتوانن به‌سه‌ر به‌نداوه‌كه‌دا بڕۆن، به‌ڵام بۆ ئۆتۆمبَیلی به‌رز و لاندكرۆز و پیكابی به‌رز و بارهه‌ڵگری بچوك ئاساییه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو "داوا له‌ شۆفێران به‌تایبه‌تی شۆفێری ئۆتۆمبێله‌ بچوكه‌كان ده‌كه‌ین كه‌وا سه‌ركێشى به‌ ژیانیان نه‌كه‌ن و ئه‌م رێگایه‌ به‌كارنه‌هێنن تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ى ئاستی ئاوه‌كه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ و شه‌پۆلی بارانه‌كه‌ ده‌وه‌ستێت".