بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناو عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوو گرنگە Featured

آب/أغسطس 10, 2018

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناو عێراقێکی یەکگرتوودا بۆ سەقامگیری ئەو وڵاتە گرنگە.

هێزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی "لەو باوەڕەداین بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناو عێراقێکی فیدراڵ و یەکگرتوو گرنگە بۆ سەقامگیری ماوە درێژی عێراق و بەردەوامی تێکشکاندنی داعش."

لە کۆنفرانسەکەدا پرسیارێکی لێکرا کە دەڵێت "بەغدا لەسەر ڕێگای کەرکوک – هەولێر سنورێکی گومرکی دادەنێت و داهات کۆدەکاتەوە، ئایا ئەوە تەبایە لەگەڵ تێڕوانینی ئێوە بۆ عێڕاقێکی یەکگرتوو؟"، ناورت وتی "وڵاتانی دیکە هەن کە لەماوەی ڕابردوودا کاری لەو جۆرەیان کردووە تەنانەت وڵاتی خۆشمان."

ڕاشیگەیاند "پێموایە کە ئەوە کێشەیەکی ناوخۆییە و دەبێت خۆیان چارەسەری بکەن، هانی بەغدا و هەولێر دەدەین هەر کێشەیەک کە لەنێوانیاندا مابێت چارەسەری بکەن."