ئێران: داوا لە ژاپۆن دەكەین نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران بكات Featured

حزيران/يونيو 12, 2019

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاند، وڵاتەكەیان داوا لە ژاپۆن دەكات نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن ئەنجام بدات، تا سزا ئابوریكانی سەر ئەو وڵاتە كەمبكرێتەوە.

 

ژاپۆن لە توانایدا هەیە نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران ئەنجامبدات

 

بریاڕوایە ئەمڕۆ چوارشەممە شینزۆ ئابێ، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لە سەردانێكی فەرمیدا بگاتە ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆببێتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش پێش گەیشتنی ئابی لە چەند لێدوانێكدا رایانگەیاند، "ژاپۆن لە توانایدا هەیە نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران ئەنجامبدات و سزا ئابوریەكان بۆ سەر وڵاتەكەیان كەمبكاتەوە".

یەكێك لە بەرپرسەكانی ئێران بە رۆیتەرز-ی راگەیاندوەن "پێویستە ئەمریکا سزا نادادپەروەرانەكانی بۆ سەر نەوتی ئێران هەڵگرێت، یاخود رێگە بە وڵاتانی دیكە بدات نەوت لە ئێران بكڕن".

 

شینزۆ ئابێ بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریكا سەردانی ئێران دەكات

 

شینزۆ ئابێ، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن، یەكەم سەركردەی ئەو وڵاتەیە كە لە دوای ساڵی 1979 ەوە سەردانی ئێران بكات و پێشتریش رایگەیاندوە، "بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و نێوەندگیری لە نێوان هەریەك لە ئێران و ئەمریكا بە تایبەتی، سەردانی ئێران دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆدەبێتەوە".

ئابێ دەتوانێت لە ئەنجامدانی نێوەندگیری نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئێران رۆڵێكی بەرچاو ببینێت

 

هاوكات مانگی رابردو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا  سەردانی ژاپۆن-ی كرد و لەگەڵ ئابی كۆبوەوە، لەمیانی لێدوانەكانیشیدا ترەمپ هاوشێوەی بەرپرسە ئێرانیەكان رایگەیاند، "ئابی دەتوانێت لە ئەنجامدانی نێوەندگیری نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئێران رۆڵێكی بەرچاو ببینێت".

 

لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران زیاتربو، داوی ئەوەی واشنتن كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆڵنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، كاردانەوەی توندی لە لایەن بەرپرسانی تاران-ەوە لێكەوتەوە.

لە هەمانكاتدا و لەم دواییانەدا، بەرپرسانی هەردو وڵات لە لێدوان و وتەكانیاندا بۆ ئەنجامدانی دانوستان وەك چارەسەر  ئاماژەیان كردوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی فەرمی لەوبارەیەوە نەنراوە.