ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر سێ کەسایەتی باڵای حزبوڵڵای لوبنانیدا Featured

تموز/يوليو 10, 2019

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر سێ کەسایەتی باڵای حزبوڵڵای لوبنانیدا کە دووانیان ئەندامی پەرلەمانی لوبنانن و یەکێکی دیکەیان بەرپرسی هەماهەنگییەکانی نێوان حیزبوڵا و دەزگا ئەمنییەکانی لوبنانە.

ئەمە یەکەمین جارە ئۆفیسی چاودێریکردنی سەرمایەی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەندامانی پەرلەمانی لوبناندا کە هەمیشە ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە واشنتن تۆمەتباریان دەکات بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان. واشنتن حزبوڵڵای بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەمداوە.

ئۆفیسی چاودێریکردنی سەرمایەی بیانی وتی ئەمین شەری و محەمەد حەسەن ڕەعدی خستۆتە لیستی سزاکانەوە کە هەردووکیان ئەندام پەرلەمانی لوبنانن بەهۆی ئەوەی کار بۆ حزبوڵڵا دەکەن.

هەروەها ئۆفیسەکە وێنەی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە و لە یەکێک لە وێنەکاندا سەرکردەی فەیلەقی قودسی ئێرانی قاسم سولەیمانی تێدایە دەستی کردۆتە ملی ئەمین شەرییەوە.

ئۆفیسەکە وتیشی سزاکان وەفیق سەفاشی گرتۆتەوە کە بەرپرسی یەکەی پەیوەندیی و هەماهەنگییەکانی حزبوڵڵایە کە بەرپرسە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی لوبناندا.

بەپێی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، هاوڵاتیانی ئەمەریکی بۆیان نیە مامەڵە لەگەڵ ئەم سێ کەسایەتییەدا بکەن و هەموو سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا سڕ دەکەن. هەروەها تواناکانیان بۆ سوود وەرگرتن لە سیستمی پارەی ئەمەریکی سنووردار دەکرێت.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا دەیەوێت سزاکان کاریگەرییەکی بەهێزیان هەبێت لەسەر هەرکەسێک کە مامەڵە لەگەڵ حزبوڵڵادا دەکات.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " پەیامەکە بۆ هەموو ئەندامانی حکومەتی لوبنان ئەوەیە کە چیتر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەکەن کە ئەمڕۆ خستووماننەتە ناو لیستی سزاکانەوە."