ئه‌ردۆگان هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه‌وه‌ی سنووره‌كانی به‌ڕووی كۆچبه‌ران ده‌كات

أيلول/سبتمبر 09, 2019

ئه‌ردۆگان هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه‌وه‌ی سنووره‌كانی به‌ڕووی كۆچبه‌رانی سوریدا به‌ره‌و ئه‌وروپا دوپاتده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و پرسه‌ وه‌ك كارتێكی فشار بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاوكارییه‌ مادییه‌كان به‌كاردێنێت، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا تۆمه‌ته‌كانی ئه‌ردۆگان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و هاوكارییه‌ مادییه‌كانیان ئاشكرا ده‌كه‌ن.

یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانه‌ له‌لێدوانه‌كانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی توركیا سه‌باره‌ت به‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ڕه‌وێكی تری كۆچبه‌ران له‌سنووره‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپاو به‌تایبه‌تی به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا له‌ڕێگه‌ی خستنه‌سه‌رپشتی كه‌ناره‌ ئاوییه‌كان به‌ره‌و یۆنان.

میدیاكانی ئه‌ڵمانیا  باس له‌نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و توركیاش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌كۆچبه‌ران و هاوكارییه‌ مادییه‌كان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌رێكه‌وتنیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ئیلتیزاماته‌ مادییه‌كانیه‌وه‌ چیتر توركیا ناتوانێ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێ.

 ئه‌ردۆگان وتیشی: تا ئێستا هاوكارییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ توركیا نزیكه‌ی سێ ملیار یۆرۆ بووه‌. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ سه‌رۆكی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی خستنه‌سه‌رپشتی سنووره‌كانی بۆ ڕه‌وی كۆچبه‌رانی سوری له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا كردو ئه‌مه‌شی وه‌ك كارتێكی فشار بۆجێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی توركیا خسته‌به‌رچاو له‌میانه‌ی ئاماژه‌كانیشیدا ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند:ناوچه‌ی"ئیدلیب"ی سوری به‌درێژایی سنووره‌كانی توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تری ڕه‌وی كۆچبه‌رانه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ هۆشداریداو داوای له‌یه‌كێتی ئه‌وروپاكرد هاوكاری پێویست بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دابینبكه‌ن.

ئه‌ردۆگان ڕاشكاوانه‌ وتی: یان یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوكاری ده‌كه‌ن یان ده‌رگای سنووره‌كان به‌ڕویانا بۆ ره‌وێكیتر ده‌كه‌ینه‌وه‌.توركیا پێیوایه‌ ناتوانێ به‌ته‌نیا به‌رپرسیارێتی ڕه‌وشی كۆچبه‌ران بگرێته‌ ئه‌ستۆ وتیشی توركیا ده‌یه‌وێت له‌نزیك سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریا تاكۆتایی ئه‌م مانگه‌ ناوچه‌یه‌كی ئارام دروستبكرێت و ئه‌گه‌ر واش نه‌بێ ئه‌وا مه‌ترسیه‌كانی كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی بۆ كۆچی به‌ لێشاو دووپاتكرده‌وه‌.

به‌ڵام وته‌بێژی  یه‌كێتی ئه‌وروپا "ناتاشا بیرتو"به‌رله‌دوو ڕۆژ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌یه‌كێتی ئه‌وروپا هاوكاری پێویستیكردووه‌و وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆگان ئاشكرایكرد هه‌تا ئه‌مڕۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌كۆی 6 ملیار یۆرۆ 5.6 ملیار یۆرو هاوكاری توركیای كردووه‌ ئه‌وه‌ش دووپاتكراوه‌ته‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ساڵی 2016 رێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ توركیا واژۆكردوه‌و به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ توركیا له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌كی مادیدا له‌سه‌ریه‌تی ڕێگه‌ له‌كۆچبه‌ری نایاسایی له‌خاكی خۆیه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وروپا بگرێت.