ئەمەریکا بە بڕی 2.6 ملیار دۆلار چەک بە کۆریای باشوور دەفرۆشێت

أيلول/سبتمبر 14, 2018

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی وەزارەتی دەرەوە بڕیاریداوە چەک بە کۆریای باشوور بفرۆشێت بە بڕی 2.6 ملیار دۆلار کە شەش فڕۆکەی چاودێری دەریایی لە جۆری پوسایدن پی 8ئی و 64 موشەکی دژە موشەکی باڵیستیكی لە جۆری پاتریۆت دەگرێتەوە.

دەزگای هاریکاری بەرگری سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی فڕۆکەکانی پوسایدن کە کۆمپانیای بوینگ دروستی دەکات و بەکاردەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ژێرئاوگەڕەکان و ئەرکەکانی چاودێریی دەریایی نرخەکەی 2.1 ملیار دۆلارە.

کۆریای باشوور لە مانگی حەوتدا بڵاویکردەوە کە بەنیازە فڕۆکەی بوسایدن بی-8 لە ئەمەریکا بکڕێت.

جێی ئاماژەیە لە ئێستادا کۆریای باشووری هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا لەگەڵ کۆریای باکووردا گفتوگۆ دەکەن بە مەبەستی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هاوکات واشنتنیش هەوڵێکی سیاسیی هاوشێوە دەدات بە مەبەستی داماڵینی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی سیستمەکانی پاتریۆتی دژە موشەک وا دروستکراوە بەرپەرچی موشەکی باڵیستیکی بداتەوە و نرخەکەی 501 ملیۆن دۆلارە.

دەزگاکە وتی ئەو فرۆشیانەی کە ڕۆژی پێنجشەممە بە کۆنگرێس ڕاگەیەندراوە یارمەتی کۆریای باشوور دەدەن پەرە بە توانا بەرگرییە موشەکییەکانی بدات و پشتیوانی لە ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بکات لەڕێی توانا دەریاییەکانی سیئۆلەوە.