وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و توركیا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

تموز/يوليو 27, 2018

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.



ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی توركیاوە بڵاویكردەوە، لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا مەولودچاوشئۆغلو و مایك پۆمپیۆ لێدوانەكانی ئەمڕۆی بەرپرسانی هەردوو وڵاتیان تاوتوێكرد.

بەڵام سەرچاوەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی چاوشئۆغلۆ و مایك پۆمپیۆ نەداوە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی چاوشئۆغلو و پۆمپیۆ دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری كرد بەسەر توركیادا، ئەگەر بێت و ئەندرو برونسن، كە قەشەیەكی ئەمەریكییەو زیاتر لە ساڵ و نیوێكە لە توركیا دەستگیركراوە ئازادنەكرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەتویتێكدا لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەڕەشەی لە حكومەتی توركیا كردو رایگەیاند، سزای گەورە بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت لە پای زیندانیكردنی دوورودرێژی ئەندرو برونسن، كە قەشەیەكی ئەمەریكییە.

ترەمپ لەبارەی ئەو قەشە دەستگیركراوە ئەمەریكیەوە نوسیوویەتی، ئەندرو برونسن، "كریستیانێكی مەزنە، پیاوی خێزانە و مرۆڤێكی سەرسوڕ‌هێنەرە."