‌ڕاوێژکارێکی کۆماریەکان: داواکردنی سێ سەرکردەکەی پەکەکە تەنها ڕۆتینە Featured

تشرين2/نوفمبر 08, 2018

راوێژکارێکی پارتی کۆماریەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەو داواکاریەی کە ئەمریکا لەبارەی سێ سەرکردەی پەکەکەوە ڕایگەیاند تەنها بڕیارێکی ڕەمزیە و وەک ڕۆتینێکە لەچواچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا و ڕاشیگەیاند ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئازادکردنی قەشە ئەمریکیەکەوە هەیە.

زەردەشت بابان ڕاوێژکاری پارتی کۆماریەکانی ئەمریکا بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "لە ڕێکخراوی ناتۆدا ئەوە چەسپێنراوە هەر وڵاتێکی ئەندام داوای دەستگیرکردنی کەسێک بکات دەبێت ئەندامانی تریش هەمان داواکاری بکەن و بڕیارەکەی ئەمریکاش لەوبارەیەوە لەسەر هەمان بنەما بووە".

ئەو ڕاوێژکارەی کۆماریەکان ڕونیکردەوە "لە کاتی دانوستانەکانی ئازادکردنی قەشە ئەمریکیەکەدا تورکیا سێ داوای لە ئەمریکا کردبوو کە یەکێکیان ئەوەبوو داوای دەستگیرکردنی ئەو سێ سەرکردەیەی پەکەکە بکات، ئەمریکاش وەک ڕۆتین ئەو داواکاریەی جێبەجێکرد".

زەردەشت بابان وتیشی "داواکاریەکە کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت چوونکە پێشتر ئەو سێ سەرکردەیەی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەنتەرپوڵەوە داواکرابوون و تا ئێستاش هیچ ڕوینەداوە، ئەوەی گۆڕاوە تەنها ئەوەیە ئەو داواکاریە چوەتە ناو ڕێکخراوی ناتۆ".

ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە خەڵات دەداتە ئەو کەسانەی کە زانیاریان پێدەبەخشن لەبارەی شوێنی مانەوە موراد قەریلان و جەمیل بایک و دوران کالکان کە سێ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کورردستانن.