روسیا هۆشداری دایە هەموو ئەو وڵاتانەی مووشەكی ئەمریكیان هەیە

كانون1/ديسمبر 06, 2018

روسیا هۆشداری دایە هەموو ئەو وڵاتانەی مووشەكی مامناوەند و كورتمەودای ئەمریكیان هەیە.
جەنەراڵ ڤالێری گیراسمۆڤ سەرۆك ئەركانی سوپای روسیا لە كۆبوونەوەی فەرماندە سەربازییەكان لە مۆسكۆ كە فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتانی جیهانیش تێیدا بەشداربوون هۆشداری دایە هەموو ئەو وڵاتانەی مووشەكی ئەمریكییان هەیە و تەئكیدی كردەوە لە ئەگەری بڵاوكردنەوەی مووشەكی مامناوەند و كورتمەودای ئەمریكی لەناو خاكی هەر وڵاتێك ئەوا ئەو وڵاتە لە لایەن مۆسكۆوە دەكرێتە ئامانج, ئەو فەرماندە سەربازییەی روسیا ئاماژەی بەوەشكردووە بڵاوكردنەوەی مووشەكی مامناوەند و كورتمەودای ئەمریكی پێشێلكردنی رێككەوتننامەی نەهێشتنی ئەو جۆرە مووشەكانەیە, سەرۆك ئەركانی سوپای روسیا راشیگەیاند: پلانەكانی واشنتۆن بۆ كشانەوەی لە رێككەوتننامەی نەهێشتنی مووشەكی كورتمەودا و مامناوەند هەنگاوێكە هەرگیز جێگای قبوڵ نییە.
 گیراسمۆڤ وتیشی: ئێمە كشانەوەی ئەمریكا لە پەیماننامەی نەهێشتنی ئەو مووشەكانە بە هەنگاوێكی زۆر مەترسیدار دەزانین، پێمانوایە كاریگەری نەرێنی نەك تەنیا لەسەر ئاسایشی ئەوروپا هەیە بەڵكو لەسەر ئاسایشی ستراتیژی بەشێوەیەكی گشتی هەیە و كۆسپ دەخاتە بەردەم سنوورداركردنی بەدەستهێنانی چەك لەلایەن وڵاتانەوە.